من و ژانی گەل
من و ژانی گەل
گوتت: خاتوووووون!!! من دەڕۆم، هەروەک لە خۆم تێپەڕ بووم. دەڕۆم، نایەمەوە، تا ڕۆژێک دەگەڕێمەوە کە بۆ هاتنم هەبوونێک هەبێت.
بێچارە قەومی من خاتوون!! لە دوژمن بێجگە لە دوژمنی ناوەشێتەوە... بەڵام داد لەو ڕۆژەی کە هەوڵ دان بۆ سەربەستی ببێت بە بەردی ناو قامکە چکۆلەکانی منداڵانی کۆڵان، دەستی کوڕ و کچانی وڵاتەکەم لێک بکاتەوە...
داد لەو ڕۆژەی سەربەستیمان ببێت بە ئاواتێکی نەخوازراو و ئەفسانەیەکی پڕ لە درۆ، نەبیستراو، عەداڵەتیش ببێت بە قەیرە کچێکی لەبیرکراو، کە چواردەوری بڕواکانی ئەم خاکە داگیر بکات.
خاتوون دەبێ بڕۆم، مانەوەم یەکەم جێژوانی من و نەبوونە. دانیشتنم یەکەمین جێژوانی من و بێ دەنگی. دەڕۆم تا مەگەر منارەیەک بدۆزمەوە و ئەوکات سەرخۆشانە هاوار بکەم: نەهێڵم نەتەوەکەم بە ماچ فریو درێن! ماچێک لە خوێنی خوشک و براکانم. گۆناکانی وا گەش و لێوەکانی وا سوور بوون.
دەڕۆم وەک ئەو باڵندەی کە سنوورەکان بە تینوێتی دەپەڕێنێ مەگەر جارێک، تەنیا جارێک، لە باخێک بە ئاسوودەیی سرودی سەرخۆشی و سەربەستی و سەربەرزی لە جیاتی ژانی گەل بخوێنێ.
چاک تێگەیشتووم خاتوون! لە ڕەشی و لە تەپوتۆزی ئەم ڕێگایە! تێگەیشتووم کاتێک تاریکی خۆی بە سەردا دەکێشێ ئەستێرەکانیش لە هەیبەت دەڕەوێنەوە...
تۆ دەڵێی چی خاتوون؟!!
من دەڵێم لە دواجار دا من و تۆ ون دەبین لە ناو بەستێنی تابلۆیەکی بێ سەروبن دا.
من!!! وەک منێکی داپۆشه کاو، لە ناو خەیاڵێکی سەرسوڕهێنەر و ئاڵۆزاو، تالارێکی دوکەڵاوی و سەدان کورسی خاڵی تێکشکاو...
تۆ و میکڕۆفۆنێکی تەماوی، ڕۆژنامەکانی تۆزگرتووی نەخوێندراوە و... جانتایەکی شڕودڕ و هەڵەڕژاو، لە هەزاران وشەی نەگوتراو....